News

داخوازی لەسەر نەوتی ئۆپێك كەم دەبێتەوە

رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك)، هەفتەی رابردوو لە راپۆرتێكدا پێشبینی كرد داخوازی لەسەر نەوتی رێكخراوەكە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێ، لە كاتێكدا وڵاتانی دەرەوەی رێكخراوەكە، لەوانەش ئەمریكا، ئاستی بەرهەمهێنانیان بەرزدەكەنەوە و پشكەكانی ئۆپێك لە بازاڕەكانی جیهان بۆ خۆیان دەبەن.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە ساڵی 2024 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئۆپێك بۆ 32.8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دادەبەزێ. بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئەمساڵی ئۆپێك 35 ملیۆن بەرمیل بووە، بەو پێیەش رێژەی هەناردەی رۆژانەی رێكخراوەكە لە پێنج ساڵی داهاتوودا 6٪ دادەبەزێ.
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لە 2019 نزیكەی 64.4 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێكدا و ئۆپێك چاوەڕێ دەكات لە نیو دەیەی داهاتوودا بۆ 72.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبێتەوە، واتە بەرهەمی دەرەوەی ئۆپێك  12% بەرز دەبێتەوە.
نیگەرانییەكان سەبارەت بە گۆڕانی كەشوهەوا بەهۆی سووتەمەنییەكانی وەك نەوت و غازی سروشتی، وڵاتانی رۆژئاوایی ناچار كردووە پەرە بە پیشەسازیی بەكارهێنانی وزەی پاك بدەن. ئەوە یەكێكە لەو هۆكارانەی وا لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت دەكات چاوەڕوانییەكانیان بۆ ئاستی داخوازی لەسەر نەوت كەم بكەنەوە.
لەلایەكی دیكەوە، وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك، بەتایبەتی ئەمریكا، پەرەیان بە كەرتی نەوت داوە. حاڵی حازر ئەمریكا بە بەرهەمهێنانی رۆژانە 12.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا. پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای دەرهێنانی نەوت كە خەرجییەكانی بەرهەمهێنانی كەمكردووەتەوە، یەكێك لە هۆكارەكانی پەرەسەندنی خێرای كەرتی نەوتی ئەمریكا بووە.
لە 2007 هەتا ناوەڕاستی 2014 نرخی نەوت لە سەرەوەی 100 دۆلار یاری دەكرد. ئەوەش یارمەتیدەرێكی دیكەی كەرتی نەوتی لیتەی ئەمریكا بوو بۆ ئەوەی درێژە بە شۆڕشی پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت بدات.
لە كۆتایی 2016 وە ئۆپێك و 10 وڵاتی دەرەوەی ئەو رێكخراوە رێككەوتنێكی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانیان واژۆ كردووە كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی نەوتی ئەمبارەكان و گەڕاندنەوەی هاوسەنگیی بۆ نرخەكانی نەوتە. ئەگەرچی ئەو رێككەوتنە هەتا رادەیەك نرخەكانی نەوتی جێگیر كردووە، بەڵام هاوكات رێگەی بۆ ئەمریكاش خۆشكردووە سەرلەنوێ هەنگاوەكانیان خێرا بكەنەوە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت.
محەممەد باركیندۆ، ئەمینداری گشتیی ئۆپێك، لە پێشەكیی راپۆرتەكەدا نووسیویەتی: “پێداچوونەوەیەكی زۆر بە چاوەڕوانییەكانمان لە بەرهەمی وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك كراوە، چونكە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا چاوەڕوانییەكانی ئێمەی تێپەڕاندووە”.
راپۆرتەكەی ئۆپێك پێشبینی دەكات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەی ئەمریكا هەتا 2024 بگاتە 16.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، پێشبینیش دەكات رەوتی گەشەی بەرهەمهێنان لە پێنج ساڵی داهاتوودا خاوتر ببێتەوە.
ئۆپێك كە زۆرینەی ئەندامەكانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقان، گەورەترین رێكخراوی بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە و 30٪ی پێویستییەكانی نەوتی جیهان لەلایەن وڵاتانی ئەندامی ئەو رێكخراوەوە دابین دەكرێ. لە راپۆرتەكەی ساڵی رابردوویدا، ئۆپێك پێشبینی كردبوو ئاستی بەكارهێنانی نەوت لە 2023 نزیك 104.5 ملیۆن بەرمیل بێ لە رۆژێكدا، بەڵام لە راپۆرتی ئەمجارەیدا پێشبینیی خۆی بۆ 103.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزاندووە.
راپۆرتەكە پێشبینی دەكات ئاستی داوا لە وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی پێشكەوتوو و وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی هاوكاری و پەرەپێدانی ئابووری (OECD) لە ساڵی 2020 دابەزێ. هۆكاری ئەوەشی بۆ دابەزینی ئاستی گەشەی ئابووری و بەكارهێنانی سەرچاوەی نوێی وزە گەڕاندووەتەوە. هەتا ساڵی 2040، نزیكەی 50٪ی ئوتۆمبێلەكان لە وڵاتانی (OECD)  و 40٪ی ئوتۆمبێلەكانی چین و 26٪ی ئوتۆمبێلەكانی وڵاتانی دیكە بۆ ئوتۆمبێلی كارەبایی دەگۆڕێن.
راپۆرتەكەی ئۆپێك مانگێك پێش كۆبوونەوەی مانگی داهاتووی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی دەرچووە كە بە گروپی ئۆپێك پڵەس ناسراوە. لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر سیاسەتی ئۆپێك پڵەس لە 2020 دەدرێ.
راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بیر لەوە دەكەنەوە ئاستی بەرهەمهێنان هێندەی دیكەش دابەزێنن، لەبەر ئەوەی هێشتاش نرخەكانی نەوت بە دڵی سعودیە نین و نەوتی زێدەباری ناو ئەمبارەكانیش زۆرە. ئێستا ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی بەرهەمی رۆژانەیان بە بڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە چاو ساڵی 2018 دابەزاندووە.
سعودیە رایگەیاندووە ئەگەر وڵاتانی پشكدار لە رێككەوتنەكە هەتا مانگی داهاتوو پابەندییەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، ئەوە پێشنیازی كەمكردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنان دەخەنە سەر مێز.
ئۆپێك دڵی بە یەدەكەكەی خۆشە
ئۆپێك خاوەنی گەورەترین یەدەكی نەوتی جیهانە. بەپێی داتاكانی كۆمپانیای نەوتی بەریتانیا (BP) ، یەدەكی نەوتی جیهان لە 2018 نزیكەی 1.73 ترلیۆن بەرمیل بووە و 71.8٪ی هەموو نەوتی جیهانیش لە وڵاتانی ئۆپێكە.
ئەو ژمارانە وایانكردووە ئۆپێك گەشبین بێ بەوەی لە درێژخایەندا رێكخراوەكە دەسەڵاتەكەی جارانی بۆ بگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی یەدەكێكی زەبەلاحی هەیە و خەرجی دەرهێنانی نەوتەكەشی كەمە. محەممەد باركیندۆ، ئەمینداری گشتیی ئۆپێك لە پێشەكی دوایین راپۆرتی رێكخراوەكەدا دەڵێت: “لە درێژخایەندا ئەوە ئۆپێكە كە چاوەڕێ دەكرێ بەشی زۆری داوای نەوتی جیهان پڕبكاتەوە”.
راپۆرتەكە پێشبینی دەكات ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لە 2026 بگاتە 72.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام لە 2040 جارێكی دیكە بۆ 66.4 ملیۆن بەرمیل دابەزێ.
Source
Source

Connecting Businesses

Related Articles

Back to top button
error: Content is protected !!
Close