News

ئەمساڵ 1441 كۆمپانیای تازە لە كوردستان دامەزراون

بەهۆی دەستپێكردنەوەی كار لە هەندێ پرۆژەی ستراتیژی و كەمكردنەوەی رۆتین لە تۆماركردنی كۆمپانیادا، ئەمساڵ دامەزاندنی كۆمپانیای تازە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كردووە و لە ماوەی نۆ مانگدا 1441 كۆمپانیای نوێ‌ دامەزراون.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تێكڕای ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 30 هەزار و 99 كۆمپانیا، لەم ژمارەیەش 26 هەزار و 777 كۆمپانیا خۆماڵین و 3 هەزار و 322 كۆمپانیاش بیانین.
بەپێی داتاكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، ئەمساڵ دامەزراندنی كۆمپانیای نوێ ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كردووە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی ئەیلوول 1441 كۆمپانیای تازە (1.395 كۆمپانیای خۆماڵی، 46 كۆمپانیای بیانی) لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون. ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 62.5% زیادی كردووە.
بەهۆی ئەو گەشە ئابووری و بازرگانییەی لە نێوان ساڵی 2010 تاوەكو 2013 لە هەرێمی كوردستان هەبوو، دامەزراندنی كۆمپانیای تازە بەردەوام لە هەڵكشاندا بوو، لەو ماوەیەدا 10 هەزار و 658 كۆمپانیا دامەزران، (8990 كۆمپانیای خۆماڵی و 1659 كۆمپانیای بیانی)، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و وەستاندنی پرۆژەكان، دامەزراندنی كۆمپانیای خۆماڵی و بیانی رووی لەپاشەكشێ كرد.
ئاراس شێخ رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان بە وەكالەت، دەڵێت: “سەقامگیریی ئاسایش، باشبوونی باری ئابووری، دەستپێكردنەوەی كار لە هەندێ پرۆژەی ستراتیژی و بەشداریی وەبەرهێنەرانی ناوەخۆ و بیانی لە ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ، بووەتە هۆی ئەوەی دامەزراندنی كۆمپانیای تازە روو لە زیادبوون بكاتەوە”.
بە گوتەی ئاراس شێخ رەئوف، كەمكردنەوەی رۆتینی دامەزراندنی كۆمپانیا، رۆڵی گەورەی هەبووە بۆ زیادبوونی دامەزراندنی كۆمپانیای نوێ‌، چونكە ئێستا خاوەنكار دەتوانێ لەڕێگەی ئۆنلاینەوە لە ماوەی 24 كاژێردا كۆمپانیا دابمەزرێنێ.
لە هەرێمی كوردستان لق و ئۆفیسی 3322 كۆمپانیای 85 وڵاتی بیانی هەن. توركیا بە كردنەوەی لق و ئۆفیسی 1423 كۆمپانیا كە دەكاتە 43%ی كۆی كۆمپانیا بیانییەكان، بە پلەی یەكەم دێت. ئێران بە كردنەوەی لقی 361 كۆمپانیا بە رێژەی 11% بە پلەی دووەم دێت، پلەی سێیەم بەر  ئیمارات كەوتووە بە كردنەوەی لقی 185 كۆمپانیا. بەریتانیا 147 لقی كۆمپانیای لە كوردستان هەیە، ئەمریكا 140 و ئوردن 109 لقی كۆمپانیای لە كوردستانە.
 لە نۆ مانگی رابردوودا لق و ئۆفیسی 46 كۆمپانیای بیانی لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە كە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو 63% زیاد بووە.
ئاراس شێخ رەئوف دەڵێت: “بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكان هەرێمی كوردستانیان جێهێشت، گەڕانەوەی كۆمپانیا بیانییەكان، مانای سەقامگیری و گەشەی ئابووری هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت”.
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی، كۆمپانیا بیانییەكان زۆرتر لە بواری خزمەتگوزاریی نەوت، ئاسایش، گواستنەوە و گەیاندن و نەخشەشازی و بەڵێندەرایەتی و بیناسازی كار دەكەن، بەڵام خۆماڵییەكان زۆرتر لە بواری هاوردنی كاڵا كار دەكەن.
حكومەتی توركیا پاڵپشتییەكی زۆری ئەو كۆمپانیایانە دەكات كە بیانەوێ‌ لق لە دەرەوەی توركیا بكەنەوە. بۆ نموونە لە 8% تاوەكو 18%ی باج دەبەخشرێن. ئەمەش هاندەر بووە بۆ كردنەوەی زۆرترین ئۆفیس و لقی كۆمپانیا توركییەكان لە كوردستان.
عوسمان ئۆغڵو، بەڕێوەبەری لقی هەرێمی كورستانی كۆمپانیا و كارگەی ئەرمادای توركی بۆ بازرگانی و بەرهەمهێنانی كاغەزی دیوار كە چوار مانگە لە هەولێر ئۆفیسی كۆمپانیاكەی كردووەتەوە، دەڵێت: “پێشتر ئێمە كاڵاكانمان لە توركیا بە بازرگانانی كوردستان و عێراق دەفرۆشت، بەڵام كێبڕكێی بازاڕ و كارگەكان قازانجی ئێمەی كەم كردەوە، بۆیە بیرمان لەوەكردەوە كارگەكە بهێنینە كوردستان و ئۆفیس لە هەولێر بكەینەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ خزمەتگوزاری بگەیەنین بە كڕیارەكانمان و فرۆشمان زیاتر بێت” .
عوسمان ئۆغڵو كە كوردی باكووری كوردستانە، ئاماژە بەو ئاسانكارییانە دەدات كە توركیا بۆ كۆمپانیاكانی دەكات و دەڵێت: “هەر كۆمپانیایەك كاڵاكانی هەناردە بكات، حكومەت لە 18%ی باج دەیبەخشێ‌. بۆ ماوەی سێ ساڵیش 40% تاوەكو 50% كرێی باڵەخانە و كارمەندەكانی بۆ خەرج دەكات، تەنانەت پارەی ریكلامیشی بۆ دەگەڕێنێتەوە”.
 پارێزگای هەولێر پشكی شێری لە دامەزراندنی كۆمپانیا بەركەوتووە. لەكۆی 30 هەزار و 99 كۆمپانیا، زیاتر لە 20 هەزاریان لە هەولێرن.
پشتیوان وەرتی، بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكان لە هەولێر، دەڵێت: “ئەمساڵ گەشەیەكی زۆر خێرا لە دامەزاندنی كۆمپانیا لە هەولێر هەیە. لە سەرەتای ساڵەوە 925 كۆمپانیای خۆماڵی دامەزراون كە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو 49% زیادی كردووە. هەروەها لقی 41 كۆمپانیا بیانیش لە هەولێر كراونەتەوە كە بەراورد بە ساڵی رابردوو 58.5%زیادی كردووە”. گوتیشی “پێشبینی دەكەین تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ 150 كۆمپانیای دیكەش دابمەزرێن”.
گۆڕینی سیستمی دامەزراندنی كۆمپانیا لەشێوەی ئاساییەوە بۆ ئەلیكترۆنی، رۆتینی دامەزراندنی كەمكردووەتەوە، بەڵام ئەم سیستەمە بەبێ گرفتیش نییە. پشتیوان وەرتی دەڵێت: “رۆژانە چەندین كەس سەردانمان دەكەن و دەڵێن بە هەر ناوێك كۆمپانیا تۆمار دەكەین، ناوەكە پێشتر تۆماركراوە ، بۆیە كۆمپانیاكان گرفتی دۆزینەوەی ناویان هەیە”.
6000 كۆمپانیا لە هەولێر ناچالاكن
بەپێی ئاماری تۆماری كۆمپانیاكانی هەولێر، 6000 كۆمپانیای ناچالاك لە هەولێر هەن، زۆربەیان باجی چەند ساڵێك قەرزدارن. ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران ئەو كۆمپانیایانەی ئاگادار كردەوە كە دەتوانن باجی یەك ساڵ بدەن و بە 150 هەزار دیناریش كۆمپانیاكەیان هەڵبوەشێننەوە.
پشتیوان وەرتی، بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكان لە هەولێر دەڵێت: “ئامانج لەم ئاسانكارییە ئەوەیە كۆمپانیا ناچالاكەكان پاكتاو بكرێن”.

Connecting Businesses

Related Articles

Back to top button
error: Content is protected !!
Close